٧١هەزار منداڵی سیستان و بەلووچستان لە مافی خوێندن بێ‏بەشن

16:16 - 21 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا:زیاتر لە ٧١ هەزار منداڵی سیستان و بەلووچستان، لە خوێندەواری و دڕێژەدان بە خوێندن لەو پاریزگایە بێ‏بەرین.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، وەزیری پەروەدە و بارهێنانی ئێران، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، هورمزگان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوای وەکوو بێ‏بەشترین ناوچەکانی ئیڕان لە بواری سیستمی پەروەردە و بارهێنان ناوزەد کرد.

عەلی ئەسغەر فانی کە لە کۆبوونەوەی شوورای پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەشدار بوو، بە ئاماژە کردن بە بێ‏بەشییەکانی ئەو پارێزگایە لە ئێستادا گوتی؛ پەرەپێدانی پێوەرەکانی بارهێنان لە ئێران یەکێک لە گرینگترین بەرنامەکانی دەوڵەت بووە، هەر چەند ئەو بەرنامەیە لە هێندێک لە پارێزگاکانی ئێران زۆر باش کاری کردووە، بەڵام لە ‌هێندێکی دیکە وەکوو پێویست نەبووە.

ئەو وەزیرەی دەوڵەتە باسی لە کێشەی زمانی دایکی و زمانی فارسی کرد و گوتی، یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، بابەتی دوو زمانە بوونی هێندێک لە ناوچەکانی ئێرانە کە بە شێوەیەک منداڵان دوای چوونە قوتابخانە، بە هۆی قسە کردن بە زمانی دایکی و ناشارەزایی لە زمانی فارسی، وەکوو پێویست ناتوانن وانەکان فێر بن و ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتن لە خوێندن.

هەرلەو پەیوەندییەدا پارێزگاری خووزستان ڕایگەیاند؛ ئەو پارێزگایە یەکێک لە پێنج پارێزگاکانی ئێرانە کە زۆرترین منداڵی لە مافی خوێندن بێ‏بەریە و کێشەی خوێندن و قسە کردن بە دوو زمان، بووەتە هۆی ئەوەی مانەوەی زۆر لە منداڵان لە مافی خوێندن و نەخوێندواری لەو پارێزگایە زۆر بێت.

کێشەی نەخوێندن بە زمانی دایکی و خوێندن بە زمانی فارسی بووتە یەکێک لە مژارەکانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، ئەو مژارە بە یەکێک لە جیدی‏ترین و بنەڕەتی‏ترین کێشەکانی هەڵاواردنی فەرهەنگی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناو دەبرێت.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ڕۆژهەڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، بە ڕووبەری ١٨٠،٧٢٦ کێلۆمێتر چوار گوشە هەڵکەوتووە، پانتایی بە قەد وڵاتی سووریە دەبێت و لە سەدا ١١ی ڕێژەی حەشیمەتی ئیڕان پێک‏دێنی.