٤٣ هەزار بووکی منداڵکارە لە ئێراندا

15:07 - 22 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی سەرپێچیکردنی هێندێک لە نووسینگەکانی ناونووس کردنی هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی یاسایی، ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ لە ئێران بەرەو هەڵکشان دەڕوات.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، لە ئێران ناونووس کردنی ٤٣ هەزار کچی کەم تەمەن لە نێوان ١٠ هەتا ١٥ ساڵ بە بێ لە بەرچاوگرتنی یاسا و ڕێساکانی ئەو وڵاتە لە نووسینگەی هاوسەرگیری تۆمار کراوە.

ئەندامێکی مەجلیسی ئێران لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی\"خانە ملت\" سەبارەت بە ناونووس کردنی کچانی خوار ١٨ساڵ لە نووسینگەی هاوسەرگیری دەڵێت: هێندێک لە نووسینگەکان بەبێ سەرنجدان و پابەند بوون بە یاسا، بە تۆمار کردنی تەمەنی ناڕاستی کچان بەستێن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی ئەو کچانە پێکدێنن.

محەممەد عەلی پوور موختار گوتی: لە هێندێک حاڵەتدا تۆماری هاوسەرگیری لە ئۆفیسەکاندا بە شێوەی نادروست ئەنجام دەدرێت، بەو واتایە کە تەمەنی ڕاستی کچەکان تۆمار ناکرێن و زیاتر لە تەمەنی یاساییان تۆمار دەکرێن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە لەو حاڵەتانە کەڵکی نابەجێ وەربگێرێت.

هەروەها بەڕێوەبەری بەشی موتاڵای ژنان لە ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە زۆرترین ئاماری هاوسەرگیریی منداڵان تایبەت بە گوندەکان بووە، چوونکە بەپێی ئامارەکان، ئەو چەشنە ناونووس کردنە لە شارەکان زیاتر بەرچاو دەکەوێت هەتا لە گوندەکان.

شەهلا ئەعزازی لە سمیناری هاوسەرگیریی منداڵان لە زانکۆی عیلم و سنعەتی تاران گوتی: ڕێژەی منداڵانی کەم تەمەن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە حاڵی پەرەسەندن دایە، بە شێوەیەک کە ساڵی ڕابردوو بە نیسبەت ساڵانی پێشووتر ئاماری هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران، بۆ ١٠ هەزار کەس زیادی کردووە و هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی تەڵاقیش لە تەمەنی نێوان ١٠ هەتا ١٨ ساڵدا، بۆ ئەو چەشنە هاوسەرگیرییە ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

بە وتەی ئەعزازی، لە هاوسەرگیریی منداڵانی کەم تەمەندا، منداڵان دەبنە قوربانی و تووشی زەربەی ڕۆحی و دەروونی دەبن و ئەو منداڵانە قوربانیی کۆمەڵگا، بەرپرسان وبنەماڵەکانیانن.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: لە حاڵی حازردا ٤٣ هەزار هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن لە نێوان ١٠ هەتا ١٥ ساڵ لە ئێران بوونی هەیە کە لەو ڕێژەیە، ٢هەزار کەیسی هاوسەرگیری بە تەڵاق کۆتایی پێ‌هاتووە.

لە ئێران، تەمەنی یاسایی و شەرعیی کۆتایی قۆناغی منداڵی بۆ کچان ٩ ساڵ بە ساڵی مانگی_ هەتاوی و بۆ کوڕانیش ١٥ ساڵ لە یاسای ئەو وڵاتەدا تۆمار کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە یاسا نێونەتەوەییەکان، تەواوبوونی تەمەنی منداڵیی بە ١٨ ساڵ بۆ کچان و کوڕان ڕاگەیاندووە.

وڵاتانی ئێران و سوودان هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵیان قەدەغە نەکردوە.