هەراوزەنا لە چابەهار، بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئامریکا و بریتانیا

15:56 - 30 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، بەرزکردنەوەی ئاڵای ئامریکا و بریتانیا، بوو بەهۆی هەراوزەنا لە چابەهاردا.

بەگوتەی‌کاربەدەستانی‌حکوومەت،\"خەڵکی ئینقلابی\" لە ناوچەی چابەهاردا، ئاڵای ئامریکا و بریتانیایان کێشاوەتە خوارێ وئاگریان تێ بەرداوە.
ئەم ئاڵایانە بە هۆی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی (IORA) بەرزکرابوونەوە.

ئەمە یەکەمین‌ کۆبوونەوەی سەرۆکانی ناوچە ئازادەکان، لە وڵاتانی ئۆقیانووسی هێنددایە(IORA)،کە لە رۆژانی ٣٠ و ٣١ ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە ناوچەی ئازادی چابەهار،لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا بەڕێوە دەچێت.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەو وێنانە کە ئاماژە بە ئامادەکردنی شارە بۆ ئەم کۆبوونەوانە بڵاوکراوەتەوە.

وێنەبڵاوکراوەکان نیشان دەدەن کە ئاڵای چەندین وڵات لەوانە ئامریکا و بریتانیا لە سەرانسەری شاردا و هەروەها شوێنی بەرێوەچوونی ئەم کووبوونەوانە بەرز کراونەتەوە ، بەڵام هەندێ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی سەر بە تاقمی ئوسولگەرا ڕاپۆرتییان داوە کە ئەم کردەوانە هەڵوێستی \"خەڵکی ئینقلابی\" لێ کەوتۆتەوە و لەگەڵ هەڵویستێکی خۆڕسک، هاوکات لەگەڵ \"ڕاوێژێکی زۆری ئەمنیەتی\" ئەم ئاڵایانەیان کێشاوەتە خوارێ و ئاگریان تێبەرداون.

هەڵویستی خۆڕسک و خەڵکی ئینقلابی ،چەمکێکی باوە لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتییەوە کە بۆ پەسن کردنی کردەوەی هێزە توندرەوەکانی حکوومەت بەکار دێت.

تاکوو دوا نیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەر، هیچ هەواڵێک لە دژکەردەوەی کاربەدەستانی حکوومەت بڵاو نەکراوەتەوە.

شایانی باسە ئاگرتێبەردانی ئاڵای ئامریکا وئێسراییل تەنانەت لە هەندێ لە قۆناغەکاندا ئاڵای ئێنگلیسیش، لە ڕێورەسمەکانی حکوومەتی وەک ڕۆژی خوێندکار یان ٢٢ ی ڕێبەندان کردەوەیەکی باو و باش بە ئەژمار دێت.