هەتا ئێستا جەنازەی کۆڵبەری کوژراوی خەڵکی سەڵماس ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە

11:01 - 18 سەرماوەز 2720

ئاژانسی کوردپا لەمەڕ چۆنییەتی کوژرانی "فەرزاد سەعدووزادە" کۆڵبەری کورد لە سنووری سەڵماس، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان چەند زانیارییەکی ورد دەخاتە ڕوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "هێزەکانی هەنگی سنووریی سەڵماس، پاش تەقەکردن لەو کۆڵبەرە کوردە و بریندارکردن و دەسبەسەریی ناوبراو، لەلایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و دواتر گولـلەبارانیان کردووە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پاش کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی یاسایی شاری ورمێ دەکرێت و بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنەوەی جەنازەکەی، سەردانی دادگای شاری سەڵماس دەکەن، بەڵام جەنازەی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، فەرزاد سەعدووزادە، پێش گولـلەبارانکردنی، بە برینداریی زۆریان لێداوە و لە سەر ڕوخساری شوێنی لێدانی قۆناغی چەک دیار بووە.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها وتوویەتی: "بنەماڵەکەی لە سەر ئەو ڕووداوە، سکاڵایان تۆمار کردووە و چوونکە گولـلە لە سینگی ئەو کۆڵبەرە کوردەدا بەجێماوە هەتا ئێستا، تەرمی ناوبراو، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "فەرزاد سەعدووزادە" کوڕی ئەسحەد خەڵکی گوندی "کۆزەڕەشـ"ـی شاری سەڵماس، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ئەو شارە، گیانی لەدەست دابوو.