هێڵی هەژاری لە تاران٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە

15:19 - 2 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە حاڵێکدا کە گەورەبەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئێران باس لە گەشەی ئابوریی لە داهاتوویەکی نیزیکدا دەکەن کارناسانی ئابوریی پێیان وایە ئەمجۆرە قسانە کۆمەڵێک قسەی بێ نێوەڕۆکن.

غوڵامڕەزا کیامێهر، ئابوریناس لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی \"جوان\" ڕایگەیاندووە: بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستای ئێران و گرانی نرخی شتومەک و خزمەتگوزارییەکان لە تاران، بنەماڵەیەک کە لە مانگدا کەمتر لە ٣.٥ میلیۆن تمەن داهاتی هەبێ دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

هاوکات لەگەڵ وتەکانی ناوبراو، سەرۆکی یەکیەتیی کرێکارە پەیمانییەکانی ئێران، فەتحوڵا بەیات، ڕایگەیاندووە بەپێچەوانەی داتاکانی ناوەندی ئامار کە باس لە 1میلیۆن و ٨٢٠ هەزار تمەن تێچووی مانگانەی خانەوارێکی شارنشین دەکات، ئاستی تێچووی مانگانەی خانەوارێکی کرێکاری لە ئێراندا گەیشتۆتە 3 میلیۆن تمەن.

پێشتریش لە ٧ ی بانەمەڕی ئەمساڵدا سکرتێری کانونی بەرزی ئەنجومەنە سینفییە کرێکارییەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە کەلێنی تێچوو و داهاتیی خانەوارە کرێکارییەکان قوڵتر بۆتەوە و ٨٠%ی کرێکارانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ڕۆژنامەکانی ئێران دۆخی شپرزی ئابوریی ئێرانیان بە \"مرگ مغزی\" شوبهاندووە کە تێیدا دەرەتانی کارکردن و سەرمایەدانان بوونی نییە و لەبەرامبەریشدا وەک \"حسەین ڕاغفەر\" دەڵێ: ئابوریی ئێران تووشی کۆمەڵێک بەلاڕیداچوونی بناغەیی بۆتەوە و ئەم کەمایەسییە پێکهاتەییانە وای کردووە ئابوریی ئێران نەتوانێ خۆی لەگەڵ پارامێترەکانی ئێستای دنیای ئابوریی بگونجێنێ و ڕێفۆرم لە خۆیدا پێک بێنێ.