هێزەکانی ئیتلاعات لە بۆکان دوو هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد

20:16 - 15 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، دوانێوەڕی ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی لە شاری بۆکان لە لایەن ‌هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا وێرای پشتڕست کردنەوەی ئەو هەواڵە، شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆکانیەی بەناوەکانی مستەفا و دیاکۆ شێخی ڕاگەیاندووە.

بە پێی ئەو سەر چاوەیە، هێزە لیباس شەخسیەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ئەو دوو هاووڵاتیە و پاش پشکنێنی ماڵی \"شێخی\" هێندێک کەرەستە و وەسایلی شەخسیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو دوو برایە کە لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و دەستبەسەر کراون، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییێک لە مەڕ شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو برایە لەبەر دەستدا نیە.

ماڵپەڕی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، ئەو دوو برایە لە کاتی دەستبەسەر کردندا لە گەڵ ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەرەوڕوو بوونەتەوە.

لە ماوەی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووشدا، كوڕێكی‌ مێكانیک به‌ناوی‌ \"عادڵ‌ حوسێن‌زاده\"‌ كوڕی‌ سه‌ید حامید دەستبەسەر کراوە و هەروەها هاوڕێیه‌كی‌ عادڵیش به ‌ناوی‌ \"زانكۆ\" له‌ شاری‌ سه‌قز، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه.