هێزە ئینتزامییەکان هاووڵاتییەکیان لە ناوچەی هەورامان دەستبەسەر کرد

13:35 - 19 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوونەتە گوندی \"دەرەکێ\" سەر بە سەوڵاوا و هاوڵاتییەکی ئەو گوندەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێێ هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٧ی سەرماوەز هێزە ئێنتزامییەکانی پاسگای \"دزڵی\" چوونەتە گوندی \"دەرەکێ\" لە ناوچەی هەورامان و هاووڵاتییەکی ئەو گوندەیان بە ناوی \"سەباح محەممەدپوور\" کوڕی محەممەد دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بۆ پاسگای \"دزڵی\"یان راگواستووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو هێزانە بێحورمەتیان بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کردووە و وێڕای فڕێدانی گازی فرمێسک رێژ بۆ ناو ماڵی ئەو هاووڵاتییە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی تێکڕای ژوورەکانی ماڵەکەشیان پشکنیوە و بەپێی حوکمی قەزایی دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد سەباح محەممەدپوور پاش چەند کاتژمێر بە دانانی بارمتە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئەو پاسگایەوە ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو هێزانە بە بیانووی گەڕان بە شوێن کەلوپەلی نایاسایی ئەو پەلامارەیان ئەنجام داوە و ماڵی چەندین هاووڵاتیی دیکەی ئەو گوندەیان پشکنیوە.

ئەو هێزانە دەستیان بەسەر ٢ دەزگا و دیشی ماهوارە و ٢ ماتۆر سیکلێتی بنەماڵەی \"سەباح\"دا گرتووە.