هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی شنۆ، لاوێکی کوردیان کوشت

21:27 - 5 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە هۆکارێکی نادیار لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ‌یان کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەبدولرەحمان ئیبراهیم‌پوور کوڕی عارف و خەڵکی گوندی \"باڕباڕوو\" لە ناوچەی باراندێزی ورمێ، بە دەستی هێزە ئیتنزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

دەگوترێت؛ ئەو لاوە کوردە لە گوندی \"ئاسناوێ\"ی ناوچەی نەڵۆسی شنۆ بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان کوژراوەو بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو هێزانە بەبێ هۆکارێکی روون تەقەیان لەو لاوە کوردە کردووە.

عەبدولرەحمان ئیبراهیم‌پوور، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ بەدەستی ئەو هێزانە گیانی لێ ئەستێندراوە و رۆژی دواتر تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٥ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان لێ ئەستێندراوەو ٥ هاووڵاتیی مەدەنیی دیکەش بە تەقەی ئەو هێزانە بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و بە میدیایی نەبوونی هەواڵی کوژانی هاووڵاتییان بەدەستی هێزە نیزامییەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.