هێزە نیزامییەکانی بەخشی باینگان بوونە هۆی مردنی هاووڵاتییەکی کورد

15:19 - 24 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی ئازار و ئەزیەتی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی رێبەندان هێزە ئینتزامییەکانی بەخشی باینگان، هاووڵاتییەکیان بەناوی \"عەبدولقادر ئەشدەری\" کوڕی \"حاجی عەبدولڕەحیم\" بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر ئازادیان کرد.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی \"ئەشەدەری\" بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کە پاش دەستبەسەر کران لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"دڕۆڵە\"وە بە توندی ئەشکەنجە درابوو و پاش ماوەیەک لەو ناوچەیە ئازاد کرابوو کە بەهۆی تاریکی هەوا و ئێش و ئازارەوە رێگەی لێ هەڵە ببوو و لە شوێنێک بەناوی \"کلکەکەی شەڕگە\" لە نزیک گوندی \"کانی سالار\" کەوتۆتە ناو ئاوی یەکێک لە چۆمەکانی ئەو ناوچە و لە ئەنجامدا خنکاوە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە رۆژی سێ‌شەممە لە گوندی \"بانەوڕە\"ی سەربە شاری \"پاوە\" ئەسپەردەی خاک کراوە.

گوندەکانی درۆڵە و کانی سالار لە ناوچەی سنووریی پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندانە سەرقاڵی بەخێو کردنی مەڕوماڵاتن و لە کاتی گەرمێن و کوێستاندا سەردانی هەر ٢ دیوی سنوورەکان دەکەن.

هەروەها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچەی سنووریی بانە، ٤ کۆڵبەری کورد لەلایەن هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پاش دەستبەسەر کران، بەدەست و لاق بەستراوی لە چیای \"سوورکێو\"ـەوە فڕێ درابوونە خوارەوە و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان گیانیان لەدەست دابوو.