هێزی سنووریی بانە زیانی ١.٥ میلیارد تمەنیی بە کاسبکاران گەیاند

17:18 - 17 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە کاسبکارانی سەر سنووری بانە، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتەوە هێرشیان کرایەسەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی خاکەلێوە، چەندین ماشینی سەربە هێزی ئینتیزامیی شاری ئارمەردە، هێرشیان کردووەتە سەر کاسبکارانی ناوچەکە و کەلوپەلی ئەوانیان تێک و پێک داوە.

کەسانی چەکدار لە بۆسەیەکدا دەستڕێژیان لە ٢ ماشینی کاسبکاران کردووە و بە سەدان هەزار تمەن زەرەریان پێ‏گەیاندوون.

سەرچاوەیەکی هەواڵ بە کوردپای ڕاگەیاند کە؛ شوێنی کەمینەکە لە \"بلەکێ\" هەڵکەوتووە و قەبارەی بارەکە کە بریتی بوو لە کەلوپەلی تاناکۆرا، بە زیاتر لە ١.٥ میلیارد تمەن دەخەمڵێندرێت.

هەروەها ٥ سەر ئەسپی کاسبکاران لەو گولەبارانەدا بەکوشت چوون.

دەوترێت خاوەنی ئەو بارانە، لە هاووڵاتییانی چەند شار و شارۆچکەی کوردستانی ئێران بوون کە بە مەبەستی دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە سنووری بانە کردووە.

کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی کارگە و سەرمایەی حکوومەتی لە بواری گەشەی ئابوورییەوە زۆر لاوازە و ڕێژەی بێکارییش بە بەراورد لەگەڵ باقی ناوچەکانی ئێران، لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.

تاکوو ئێستا هیچ ناوەند و لایەنێکی حکوومەتی سەبارەت بە تەقەکردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ نەکراوە و دۆسیەی کوژاروەکانیش بە پاساوی \"پاراستن لە سنوورەکان\" بێ‏وەوڵام و ئاکام دەمێنێتەوە.