هێرشی کۆرۆنا بە پەروەردە و بارهێنانی پیرانشار

10:59 - 7 رەزبەر 2720

بەهۆی کرانەوەی قوتابخانەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەیەک لە مامۆستا و قوتابییانی شاری پیرانشار، تووشی ئەو ڤایروسە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، چوار مامۆستای قوتابخانەکانی شاری پیرانشار تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. هەروەها دوو قوتابیی پۆلی سەرەتایی و دەرگەوانی یەکێک لە قوتابخانەکانی پیرانشار، تووشی کۆرۆنا بوون و ئەمەش نیگەرانیی بۆ قوتابییەکانی دیکە دروست کردووە.

 پێشتریش لە کرماشان دوای کرانەوەی قوتابخانەکان بە بڕیاری بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، بێ ئەوەیکە ڕێکارە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگیرێن، ١٣ منداڵ لە کرماشان بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دابوو.

دوای کردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران بە فەرمانی "حەسەن ڕووحانی"، بەهۆی ڕەچاونەکردنی هیچ پرۆتۆکۆلێکی تەندروستی، قوتابییان زیاتر لە هەموو کاتێک کەوتوونەتە مەترسییەوە.

ئەمانە لە حاڵێکدان کە وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ئێران لە چەواشەکارییەکدا وتبووی: "هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە کە باس لە تووشبوونی قوتابییان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات".