هێرشی پەلاماردەران بۆ سەر تاران زیاتر لە ٥٠ کوژرا و برینداری لێ کەوتەوە

22:32 - 17 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێرشی پەلاماردەران بۆ سەر مەجلیس و گۆڕی دامەزرێنەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری تاران، پاش چەند کاتژمێر شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان کۆتایی پێی هات.


هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی لە ئێران ڕادەگەیەنن هێرشی پەلاماردەران لە شاری تاران پاش کوژرانی ئەوان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە کۆتایی پێی هات.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ژمارەی پەلاماردەرانی ٦ کەس ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە دووو کەس لە پەلاماردەران هێرشیان کردووەتە سەر گۆڕی دامەزرێنەری حکوومەتی ئێران لە باشووری تاران و چوار کەسی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر مەجلیس.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت: ئەو دوو پەلاماردەرەی سەر گۆڕی خومەینی، یەکێکیان بە هۆی عەمەڵیاتی خۆکوژی و ئەوەی دیکە بە هۆی گوللەی هێزە نیزامییەکانی ئێران کوژراون.

گرووپی دووهەم لە پەلاماردەران کە هێرشیان کردە سەر مەجلیس یەکێکیان بە تەقاندنەوەی جلیقەکەی کوژرا و سێ کەسی دیکە بە هۆی تەقەی مەئموورانەوە کوژراون.

ئەو هێرشانە، ئەمڕو چوار شەممە ١٧ی جۆزەردان کاتژمێر ١٠و نیوی بەیانی لە شاری تاران دەستی پێکرد و کاتژمێر ٣ی دوانیوەرۆ کۆتایی پێهات.

بە وتەی\"حوسێن دوڵفەقاری\" جێگری ئەمنیەتی وەزیری ناوخۆی ئێران، چوار پەلاماردەر بە لیباسی ژنانەوە لە شوێنی چوونە ژوورەوەی نوێنەرانی مەجلیس تەقەیان لە هێزەکانی پاراستن کردووە.

لەو پەیوەندیەدا بە وتەی\"پیرحوسێن کولیوند\" سەرپەرەستی ئۆرژانسی ئێران، لە هێرشی ئەمڕۆ چوارشەممەدا ٤٢ کەس بریندار بوونه.

پاش هێرشی پەلاماردەران بۆ سەر مەجلیس و گۆڕی دامەزرێنەری حکوومەتی ئێران، گرووپی داعش بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ گرتووە.

پارستنی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ئێران لە ئەستۆی سپای پاسداران دایە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی، فەرماندەکانی سپای پاسدران لە مەجلیس ئامادە بوون.

هەنوکە شەر و تێکەڵچوون لە نێوان پەلامادەران و هێزە ئەمنییەتییەکان کۆتایی پێ هاتووە و بارودۆخە بە گشتی لەژێر چاوەدێری هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکان دایە.

محەممەد حوسێن نەجات جێگری ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا بە هەواڵدەریی فارسی گوتووە کە نێونجی تەمەنی پەلاماردەران لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٥ ساڵ دایە.