هێرشی هێزەکانی گاردی دژە شۆرش بۆ سەر زیندانییانی عەقیدەتی_ سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

14:10 - 18 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی گاردی دژە شۆڕش و بەرپرسانانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هێرشیان کردە سەر زیندانییانی عەقیدەتی_ سیاسی سوننی مەزهەب.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندان، هێزەکانی گاردی دژە شۆڕش و بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بە کەرەستە دژە شۆڕش و گازی فرمێسک‌ڕێژ، بۆ دووهەمین کەڕەت هێرشیان کردە سەر ساڵۆنی ٢١ی ئەندەرزگای ٧ی ساڵۆنی زیندانییانی عەقیدەتی_ سیاسی سوننی مەزهەب.

شاهد عەلەوی، ڕۆژنامەنووسی کورد سەبارەت بە هێرش بۆ سەر زیندانییانی عەقیدەتی_ سیاسی سوننی مەزهەب لە فەیسبووکی شەخسی خویدا نووسیوویەتی: \"ئەو هێرشە بە ئامانجی بانگکردن و ڕەوانەکردنی بە زۆرەملیی تەوحید قورەیشی پێشنوێژی هەینی مزگەوتی ئیمام شافیعی گوندی \"ویزنە\"ی شاری تالش، بۆ دادگا بووە، هەتا دادگای بە تۆمەتەوەپاڵدراوەکەی ناوبراو، کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام ، زیندانی کراوە، پێراگەیشتن بکەن.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕایگەیاندووە: بە پشتیوانی زیندانییانی عەقیدەتی_سیاسی ساڵۆنی ٢١، لە تەوحید قورەیشی و داخوازییە یاساییەکانی ناوبراو،گاردی دژە شۆڕس بە باتۆم و گازی فرمێسک‌ڕێژ و کەرەستە دژە شۆرش، هێرشیان کردووتە سەر ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی و ئەوانیان بریندار کردووە و تەنانەت دەست و لاقی ژمارەیەک لە زیندانییانین سیاسی شکاوە. لە نێو برینداربووان، تەوحید قورەیشی و حەمزە دەروێش بەرچاو دەکەیت و تەندروستیان نالەبارە و بە جێگای پێڕاگەیشتن و چارەسەری پزیشکی، بریندرابووانیان بۆ ژوورە تاکەسییەکانی ئەو زیندانە گوازتووتەوە.

پاش هێرشی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانییانی عەقیدەتی_سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ژمارەیەک لە زیندانییانی دیکە عەقیدەتی_ سیاسی سوننی مەزهەبیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازتووتەوە.