هێرشی سایبێریی سپا، شێوازێکی نۆێی بە خۆ گرت

16:26 - 8 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی سەر بە حکوومەتی ئێران، ئەم جارە شێوازێکی نۆێی بە هێرشه سایبێرییەکانی خۆی داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، دوای ڕۆژنامەوانەکان و چالاکانی مەدەنی کە ماوەیەکی زۆر لە ژێر گوشاری سایبێریی سپای پاسدارانی ئێراندا بوون، ئەم جارە ئەندامانی کابینەی دەوڵەتی ڕووحانیی کردۆتە نیشانە و لەم پێوەندییەدا \"شەهیندۆختی مۆڵاوێردی\" جێگری کاروباری ژنان و بنەماڵە لە کابینەی دەوڵەتی ڕووحانی‏دا، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە سەر توییتێر و تێلگرامی خۆی، ڕایگەیاندووە کە جی‏مەیل و فەیسبووکەکەی هەک کراوە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا بنکەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران، گوشاری زۆری خستووەتە سەر چالاکانی مەدەنی و تەنانەت لە کارناسانی پارێزراویی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان لە نێوخۆ، داوای هاوکاریان کردووە و بەڵێنی مووچەی باشیشیان پێ داون و هەڕەشە ئەگەری هاوکاری نەکردنیان لێ کردوون.