هیوا محەممەدزادە: هەنگی سنووری هەموو کەس لە سنوورەکان بە ‌هەڕەشە دەزانن و تەقەی لێ دەکەن

11:14 - 11 رەزبەر 2721

"هیوا محەممەدزادە" برای "ئومید محەممەدزادە" کۆڵبەری کوژراو بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری سەردەشت، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا" ڕایگەیاند: "هەنگی سنووری بەبێ ڕاهێنانی تەقەکردن، تەقە لە هەموو کەس دەکەن".

"هیوا" لەو وتووێژەدا باسی لە چۆنیەتیی کوژرانی براکەی دەکات و دەڵێت: "کاتژمێر ١ و ٤٥ خولەکی نیوەشەوی ٢٨ی خەرمانان، براکەم کە تەمەنی ٤٠ ساڵ و خاوەنی سێ منداڵە و دانیشتووی شاری ڕەبەتە، بۆ کۆڵبەری ڕووی لە سنووری هەرێمی کوردستان کردبوو کە لە بەرزاییەکانی گوندی دۆڵبی لەنێو خاکی ئێران لەلایەن هەنگی سنوورییەوە تەقەی لێ کراوە".

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتوویەتی: "گولـلە بەر لاقی ئومید کەوتبوو و لە ڕانی ڕۆیشتبوو و گولـلەکە لە سمتی مابووەوە و دەمارە سەرەکییەکانی پچڕاندبوو کە تووشی خوێنبەربوونی زۆر هاتبوو، پاش گواستنەوەی بۆ گوندی دۆڵبی، تەواو بێهۆش ببوو و سەرەڕای هەوڵی ئورژانس گیانی لەدەست دا".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها لەو وتووێژەدا ئاماژەی بە پیشینەی تەقەکردن لە کۆڵبەران و هاووڵاتییان دەکات لەلایەن هەنگی سنوورییەوە و دەڵێت: "هەرچەندە تەقەکردن لە کۆڵبەران پیشینەی هەیە، چوونکە زۆربەی هێزەکانی هەنگی سنووری، یاسای تەقەکردن لە بەرچاو ناگرن و مەئمووران و سەربازانی هەنگی سنووری ڕاهێنانی پێویستیان نییە و هەموو کەس لە سنوورەکان بە ‌هەڕەشە دەزانن و تەقەی لێ دەکەن".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها دەڵێت: "لە حاڵێکدا ئومید تەقەی لێ کرابوو کە براکەم چەکدار نەبوو و تەنانەت هیچ سەرپەنایەکی (خانوو) نییە بۆ منداڵەکانی و نەتەنیا ئەو بەڵکوو زۆربەی کۆڵبەران لەگەڵ ئەم کێشەیە بەرەوڕوون".