هیرشی تاوانکاران بۆ سەر زیندانیانی سیاسی کورد لە ورمێ

15:29 - 24 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هاندانی بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ، دوو زیندانیی سیاسی لە لایەن چەند تاوانبارێکەوە هێرش کرایە سەریان و برینداریان کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی مستەفا سەوزی و عەلی یەگانە، لە لایەن چەند کەسیکی تاوانبار بە (کەتەر و چەقۆ) هێرش دەکرێتە سەریان و بریندار دەکرێن.

ئەو دوو زیندانییە دوای ئەو هێرشە، بۆ چارەسەرکردنیان ڕەوانە بێهداریی زیندان دەکرێن و مستەفا سەوزی بە هۆی بەرکەتنی چەقۆوە، زکی دەدڕێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە نێو زیندانیانی دیکەی زیندانی ورمێ‏دا، زیندانیەکان داوا دەکەن لە بەندی ١٣کە شوێنی ڕاگرتنی زیندانیانی تاوانکار بە تاوانانی وەک کوشتن، دزی و مادە سڕکەرەکان، جیا بکرێنەوە و بیانگوازنەوە بۆ بەندی ١٢، بەڵام بەرپرسانی زیندان بە بێ گوێدان بە داواکاریی زیندانیانی سیاسی و دوای تیمار کردنی برینی ئەو دوو زیندانییە، دووبارە دەیانگوازنەوە بۆ بەندی ١٣.

بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ سەرجەم ٣٢ کەسی لە زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی تێدایە و بەندی ١٢ تایبەت بە زیندانیانی سیاسی و بەپێی زانیارییەکان، لانیکەم ٥٠ کەسی دیکەش زیندانیی سیاسی، لەگەڵ کەسانی تاوانبار لە بەندەکانی دیکە تێکەڵ کراون.

مستەفا سەوزە خەڵکی شاری ماکۆیە و لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، لە لایەن سپای پاسدارنەوە دەستبەسەر و لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ‏وە بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

عەلی یەگانە لە خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی‏دا، دەستبەسەر و هەتا ئێستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویەوە، چوار زیندانیی کورد بە ناوەکانی به‏همەن دالایی میلان، ڕووف محەممەد عەلی، مستەفا سەوزە و ڕەحمان ڕەشید زادە، لە بەندەکانی دیکەی زیندان ڕاگیراون و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین لە جیانەکردنەوەیان لە تاوانبارەکان، مانیان لە خواردن گرت و تەنیا بەهمەن دالایی میلان بۆ بەندی ١٢ ڕاگوێزراوە.