هۆشداریی دووبارەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە سەفەر بۆ ئێران

18:24 - 2 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا نیسبەت بە مەترسییەکانی سەفەری هاووڵاتیانی ئامریکایی بۆ ئێران، هۆشداری‌دا.

بەپێی ڕاپۆرتی \"دەنگی ئامریکا\"، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا، سەرەڕای هۆشداری دووبارە بە ئامریکاییەکان سەبارەت بە مەترسییەکانی سەفەر بۆ ئێران، ڕایگەیاندووە کە؛ هاووڵاتیانی ئامریکایی مەترسییەکانی سەفەر بۆ ئێران ڕەچاو بکەن.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە مەترسییەکانی سەفەری هاووڵاتیانی ئامریکایی بۆ ئێران لەمەڕ کردەوەی \"دوژمنانە\" و ئەشکەنجە و ئازار و هەروەها دەستبەسەر کردن و مەحکووم کرانی هاووڵاتییانی ئامریکایی ــ ئێرانی، دەربڕیوە.

نیگەرانییەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا بۆ \"دروشمە دژە ئامریکایی\" و \"دەستبەسەر کردنی ئامریکاییەکان لە ئێران\" گەڕێندراوەتەوە.

پاش جێیسۆن ڕەزاییان، \"سیامەک نەمازی\" بەرپرسی پێشووی بەشی بەرنامە داڕشتنی ئیستراتیژیکی کۆمپانی نەوتی \"کرنست\"، لە مانگی ڕەزبنەری ساڵی ڕابردوودا و \"باقر نەمازی\" باوکی ناوبراو، چەند مانگ بە پاش کورەکەی، قۆڵبەست کران و \"ڕەزا شاهینی\" شارومەندێکی ئیرانی ئامریکایی دیکە، لە مانگی ٣ی گلاوێژدا، لە گورگان دەست بەسەر کران.

شایانی باسە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، پەیوەندی نێوان ئێران و ئامریکا پاش دەستبەرسەدا گرتنی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە و بە بارمتە گرتنی دیپلۆمات و کارمەندانی بچرا، خومەینی بە تووندی دژی هەر چەشنە پەیوەندییەکی سیاسی لە نێوان ئێران و ئامریکادا بوو.