هونەرمەندێکی کورد، خەڵاتی سێیەمی باشترین وێنەگری بە مۆبایلی بەدەست هێنا

21:32 - 12 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندیکی وێنەگرێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، خەڵاتی پلەی سێیەمی رکابەریی وێنەگریی (سۆنی موبایل)ی ٢٠١٥ی پێشکەش کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاکۆ سالمی وێنەگری کورد لە بەشی وێنەگری بە مۆبایلی سۆنیدا خەڵاتی پلەی سییەمی مسۆگەر کرد.

ئەو هونەرمەندە کوردە، وێنەیەکی بە ئیسمارت فۆنی سۆنی گرتووە، کە لەو وێنە رەش و سپییەدا، بزنێک و منداڵێک پێکەوە خەریکی کایە کردنن.

هەروەها لەو رکابەرییەی ئەمساڵدا ساڵح رووزاتی وێنەگرێکی دیکەی ئێرانی، پلەی یەکەم و یانووش ئیشمیت خەڵکی وڵاتی مەجارستان پلەی دووەمی بەدەست هێناوە.

\"25790.jpg\"
ئاکۆ سالمی وێنەگری کورد لە بەشی وێنەگری بە مۆبایلی سۆنیدا خەڵاتی پلەی سییەمی مسۆگەر کرد
ئەو رکابەرییە هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش زیاتر لە ١٠ هەزار وێنە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی رکابەرییەکە کرابوو، کە سەرئەنجام سێ وینە وەکوو باشترین وێنەکان دەست نیشان کران.

هەروەها دەگوتری کە زیاتر لە ٦٧٠٠ کەس بۆ هەڵبژێرانی ئەو وێنانە، بە شێوەی ئانلاین دەنگیان داوە.

ئاکۆ سالمی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ی شاری بۆکانە و بڕوانامەی کارناسیی شانۆی هەیە و ماوەی ١٠ ساڵ پێشینەی وێنەگریی لە میدیاکانی وەکوو رۆژنامەی ئیعتمادی میللی، بانی فیلم، سەرمایە، ئاییندەی نوی و دنیای ئابووریدا هەیە و هەتا ئیستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری وێنەگریی بەدەست هێناوە.