هونەرمەندیکی خەڵکی سەقز خەڵاتی باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی "ئیسپانیا"ی بەدەست هێنا

11:50 - 24 خەرمانان 2721

فەرەیدوون حامیدی، ئەکتەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە دەیەمین فێستیڤاڵی "ڕیورائۆ"ی ئیسپانیا، بۆ فیلمی "زەبح" لە کوردستان بەدەست هێنا.

دەیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ڕیورائۆ، ١١ی سپتامبر لە شاری "ئالیکانتا"ی وڵاتی "ئیسپانیا" بەڕێوە چوو.

کورتە فیلمی "زەبح" دروستکراوی هاوبەشی دوو دەرهێنەری کورد بە ناوەکانی "ئاکۆ زەندکەریمی" و "سامان حوسێن‌پوور"ە.

ئەو کورتە فیلمە باسی لە چیرۆکی بنەماڵەیەک دەکات کە بۆ تێپەڕاندنی زستانێکی تووش و سەخت، دەبێت مانگاکەیان بفرۆشن، بەڵام کوڕی ئەو بنەماڵەیە لە بڕیاری فرۆشتنی ئەو مانگایە دڵخۆش نییە و هەوڵی ڕزگاریی مانگەکەیان دەدات.

کورتە فیلمی زەبح ماوەی ١٣ خولەکە و کاری وێنەگرییەکەشی لە گوندەکانی "پایگەلان و گواز" ئەنجام دراوە.

ئەو کورتە فیلمە لە چەند ساڵی ڕابروودا، چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە نێوخۆیی و بیانییەکانی بەدەست هێناوە.