هوشمەند عەلی‌پوور بە ٣٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

10:37 - 6 رەزبەر 2720

هوشمەند عەلی‌‌پوور، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، پاش هەڵوشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی لە دیوانی باڵای وڵات، دووبارە دادگایی کرایەوە و بە ٣٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا.

کەمپەینی ڕزگاری بۆ گیانی ئەو زیندانییە سیاسییە ڕایگەیاندووە: "هوشمەند عەلی‌پوور، چالاکی سیاسی کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دادگایەک و بە دانپێدانانی لە ژیر ئازار و ئەشکەنجە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، ئەمڕۆ بێتاوان ناسراوە و سەرجەم بە ٣٨ مانگ زیندانی مەحکووم کراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ٢٧ مانگ لە زیندان دابووە و ئەگەری هەیە هەتا ١٠ مانگی دیکە ئازاد بکرێت".

ئەو کەمپەینە ڕایگەیاندووە کە پارێزەرەکانی لە هەوڵدان کە بە تاوتوێکردنی دووبارەی دۆسییەکەی، کارێک بکەن کە هوشمەند هەرچی زووتر ئازاد بکرێت.

پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دیوانی باڵای وڵات، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان کۆبوونەوەی دۆسییەکەی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بەڕێوەچوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، حوکمی لە سێدارەدانی هوشمەند عەلیپوور لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە.

مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨، دادگای ئینقلابی شاری سنە، "هوشمەند عەلیپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە لەسێدارەدان و "محەممەد ئوستا قادر" خەڵکی شاری سەقزی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانباری ٩٨، ئەو حوکمە بە بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕاگەیەندرابوو.

"محەمەمد ئوستا قادر"، ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "بغی" بە بەشداریی "عەلی ساکنی"، پارێزەری دۆسیەکەیان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، دادگایی کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ دابڕگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو زیندانییە کوردەیان بڵاو کردەوە، دواتر بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە ڕایانگەیاند کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.