هاوکات لەگەڵ گرانبوونی نان و ئارد، بەشە ئاردیش کەم کرایەوە

14:45 - 22 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای گرانبوونی نرخی نان  گرانی و کەمیی مادە خۆراکییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەشە ئاردی هەر کەسێکیش، یەک کیلۆ و نیو کەم کراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەشە ئاردی هەر هاووڵاتییەک لە وڵاتی ئێران، بە بڕیاری دەوڵەت لە ٩ کیلۆوە بۆ ٧ کیلۆ و نیو کەمی کردووەو ئەمەش هاووڵاتییان و نانەواخانەکانی تووشی گرفت کردۆتەوە.

رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزیش بەهۆی بڕیارێکی دەوڵەتی رۆحانی نرخی هەر نانێک لە ١٦٠ تمەنەوە بۆ ٢٠٨ تمەن زیادی کردووە، کە بە بەراورد لەگەڵ پێشتر، لەسەدا ٣٠ی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ساڵح محەمەدی بەرپرسی یەکیەتیی پیشەیی نانەواخانەکانی سەقز بە هەواڵدەریی مێهری راگەیاندووە، کە دوو رۆژ دوای گرانبوونی نان، نرخی ئاردیش دەستبەجێ زیاتر لە سەدا ٣٠ بەرز بوویەوە.

ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی؛ لە کاتێکدا دەوڵەت بەڵێنیی ئەوەی دابوو، کە گرانبووی نرخی نان بە مەبەستی یارمەتیدانی نانەواخانەکان ئەنجام ئەدرێ، بەڵام بەداخەوە تەنیا نانەواخانەکان تووشێ زیان بوون.

بەرپرسی ئیدارەی دەغڵ و دانی پیرانشار هۆکاری کەم کردنەوە بەشە ئاردی هاوڵاتییانی بۆ زیادبوونی نانەواخانە لە شار و گوندەکان گەڕاندۆتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە، کە بە گوتەی کارناسان کەمکردنەوەی بەشە ئارد کاریگەریی راستەوخۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.

 بەپێی بڕیاری دەولەت، نرخی نانی سەنگەكی لە ٦٠٠ تمەنەوە بۆ ٧٨٠ تمەن، نانی لەواش لە ١٦٠ تمەنەوە بۆ ٢٠٨ تمەن، نان بەڕبەڕی لە ٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٦٥٠ تمەن و نانی تافتوون لە ٣٠٠ تمەنەوە بۆ ٣٩٠ تمەن زیادی کردووە

لەلایەکی دیکەوە، زیادبوونی نرخی نان لەحاڵێكدایە، كە ئەمساڵ نرخی پێشنیارکراوی دەوڵەت بۆ كرینی گەنم لە وەرزێڕان، بە بەروارد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٢، تەنیا لەسەدا ١٠ زیادی کردووە.