هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا: پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەریی فەرهەنگییان لە ئێراندا دەکەین

14:47 - 10 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا، پشتیوانی لە داخوازی فەرهەنگییان کرد.

لەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: \"هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا\"، سەرەڕای ئەوەیکە بە هەموو هێزەوە پستیوانی لە مانگرتنی فەرهەنگیان دەکات، داواکاریشە توێژە جۆراجۆرەکان خەڵک و بە تایبەت قوتابیان و خوێندکاران بەپیر ئەو بانگەوازەوە بێن و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزتر بکەنەوە.

دەقی ئەم بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئیران بە دەرکردنی بانگەوازێک لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە، داوای لە مامۆستایانی سەرتاسەری وڵات کردووە لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەمەی ٩٧دا لە دەفتەری قوتابخانەکانی خۆیاندا مان بگرن لە بەشداری بۆ سەر کلاسەکانی دەرس خۆ ببوێرن.

ئەم بانگەوازەی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی فەرهەنگیانی شوغڵدار و خانەنشینکراو و بە تایبەت مانگرتنەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ئەمساڵ کە بە بەشداریی بەرچاوی فەرهەنگیان بەڕێوە چوو، دەرکراوە.

فەرهەنگیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردووداو بە شێوەی جۆراوجۆر سەرەڕای ئەوەیکە ناڕەزایەتییان لە سیستەمی پەروەردەی ئێران دەربڕیوە، به نیسبەت مووچە و حقووقی فەرهەنگیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

وڵامی حکوومەتی ئیسلامیی لە ئێراندا بەو داواکارییە ڕەوایە، لە هەموو بوارەکاندا، هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەکان، لێدان و بێ‌ڕێزی، دەرکردن لەسەر کار، دەسبەسەرکردن و زیندانیکردنی مامۆستایان بووە. لەو پێوەندییەدا، یەکەمین داواکاریی لەو بانگەوازەدا لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەمەی ٩٧دا ئازادیی چالاکانی سێنفی و فەرهەنگی و داخرانی هەموو دۆسیەکان لەو پێوەندییەدا دایە.

فەرهەنگیان بە پێداگری لەسەر مافی مەدەنیی خۆیان، بوونی دامەزراوە سێنفییەکانی خۆیان وەک دووهەمین داوکاری، خستووەتە بەر دەست. لە داواکارییەکانی دیکە، دابینکردنی بوودجەی پێویست و گونجار بۆ پەروەردە و ڕاهێنان، ڕاگرتنی سیاسەتی بە پارەکردنی قوتابخانەکان، یەکسانیی مووچەی فەرهەنگیانی خانەنشینکراو لەگەڵ شوغڵدارەکان و بردنەسەرووی ئەو مووچەیە بۆ زیاتر لە هێڵی هەژای و سڕینەوەی هەموو گرێبەستەکان لەگەڵ بیمەی ناکارامەن.

\"هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا\"، سەرەڕای ئەوەیکە بە هەموو هێزەوە پستیوانی لە مانگرتنی فەرهەنگیان دەکات، داواکاریشە توێژە جۆراجۆرەکان خەڵک و بە تایبەت قوتابیان و خوێندکاران بەپیر ئەو بانگەوازەوە بێن و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزتر بکەنەوە.

\"هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا\"
٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٨ی فێوریەی ٢٠١٩ی زایینی