هاووڵاتیەکەی عەردەبی ئەهواز پاش ١٨ مانگ لە دەستبەسەر کران چارەنووسی ناڕوونە

13:41 - 18 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهواز پاش ١٨ مانگ لە دەستبەسەر کرانی چارەنووسی ناڕوونە و بەرپرسانی قەزایی لە دانی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی، خۆ دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهواز بەناوی \"مەسعوود دەغاغلە\" خەڵکی گەڕەکی \"ئەلزەیتوون\" بەهۆی چالاکی لەسەر تٶڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان، لەلایەن دەزگا قەزاییەکانەوە هیچ زانیارییەکیان پێ رانەگەیەنراوە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە \"چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز\"یان راگەیاندووە: هەتا ئێستا لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان چەندین جار سەردانی ناوەندە قەزاییەکانی ئەو پارێزگایەیان کردووە و لە دوایین سەردانیشدا پێیان راگەیاندووین کە لەبیر خۆتانی ببەنەوە کە کوڕێکتان بەو ناو و نیشانە هەبووە.

هەروەها لە ماوەی پێشودا بە هۆی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئەهواز لەمەڕ مەرگی گوماناویی شاعیری ناسراوی ئەهواز \"ستار سەیاحی\" دەیان هاوولاتیی عەرەب دەستبەسەر کراون و سەرجەمیان چارەنووسیان ناڕوونە.