ئاژانسی كوردپا: لە یەكێك لە گوندەكانی سەر بە شاری سەردەشت كۆڵبەرێكی دیكەی كورد كەوتۆتە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 16ی سەرماوەز كۆڵبەرێكی لاو بەناوی "سمكۆ رەیحانی" كوڕی مەحموود تەمەن 20 ساڵ و خەڵكی ئاوایی "بێران"ی سەر بە شاری سەردەشت لەشوێنێک بە ناوی قەلات و لە نێوان گوندی "دۆڵە گەرم" و "دەرماناوێ" سەربەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و گیانی لەدەست داوە.
تەرمی سمكۆ رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت كراوە و هەتا كاتی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.
سمكۆ خێزاندار و ماوەی یەك ساڵە ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و منداڵێكی كۆرپەیان هەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، باوكی سمكۆ بەناوی مەحموود رەیحانی 2 ساڵ لەمەوبەر لە كاتی كۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بۆتە ژێر رنووی بەفرەوە و گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی ١٨ رۆژی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ٦ كۆڵبەری كورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.
ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.





