هاووڵاتییەكی كوردی توركیە بەدەستی هێزە نیزامییەكانی ئێران كوژرا

16:04 - 22 رێبەندان 2711
كوردپا: لە ئەنجامی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسەر سنووری ئێران – توركیە، هاووڵاتییەكی كوردی توركیە بووە قوربانی و دوو كەسی دیكەش بە توندی بریندار بوون.

ماڵپەڕی فۆرات نیووز بڵاوی كردۆتەوە، لە ئەنجامی هێرش و دەستڕێژی هێزە ئینتزامییەكانی حكومەتی ئێران لەسەر سنووری پارێزگای وان لە توركیە و سنووری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، هاووڵاتییەكی كوردی توركیە بە ناوی \"رەشاد كارا هانچەر\" بەهۆی لێدانی گوللە لە سەری، گیانی لەدەست داوە و دوو كەسی دیكەش بەناوەكانی \"مەتین ئوستا و عەزیز بلەدە\" بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو رووداوە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی لە گوندی \"بەیاسلان\"ی سەر بە ناوچەی \"قەلاقیلیان\" لە پارێزگای وان لە كوردستانی توركیە كە هاوسنووری ئێرانە، رووی داوە و ئەو دوو كەسەش بە برینداری لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

رەشاد رەشاد كارا هانچەر خاوەنی سێ‌منداڵە و پاش روودانی بۆمەلەرزەكەی وان بە بنەماڵەوە وانیان بە جێهشتووە و لە گوندی \"شەرەفخان\" لە ناوچەی \"سارا\" لەگەڵ خزمەكانی ژیاوە و سەرقاڵی كاسبیی سەر سنوور بووە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵاەكان ئەو شوێنەی كە ئەو هاووڵاتییەی تێدا كوژراوە 2 كیلۆمیتر لە خاكی ئێرانەوە دوورە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فۆرات نیووز لە سەرەتای ساڵی 1388ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا سەرجەم 172 هاووڵاتیی لەسەر سنوورەكانی ئێران و توركیە لەلایەن هێزە نیزامییەكانی هەر دوو وڵاتەوە كوژرا و بریندار بوون.