هاووڵاتییەكی كورد لە سەقز 5 ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە

21:23 - 16 بانەمەڕ 2712
كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی ئاوایی \"كاوملە\"ی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم درا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، محەممەد عەزیزی تەمەن 30 ساڵ خەڵكی ئاوایی \"كاوملە\" زستانی ساڵی 1387 لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە گوندی \"مەرخوز\"ی سەر بە ناوچەی \"گەوركایەتی\"‌ی سەقز دەستبەسەر كرا.

محەممەد عەزیزی لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە حوكمی 6 ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە و دواتر دادگای پێداچوونەوە ئەو حوكمەی تەئید كردووە.

یەكێك لە كەسانی نزیكی بنەماڵەی محەممەد عەزیزی بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، ئەو حوكمە لە ئەنجامی ئیعترازی ئەو هاووڵاتییە كوردە و هەروەها پارێزەرەكەی رەوانەی دادگای بەرزی وڵات كراوە و دواتر لەلایەن ئەو ناوەندەوە حوكمەكەی كراوەتە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری.

كەسی نزیكی ئەو هاووڵاتییە زیندانییە كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت، وتیشی: محەممەد عەزیزی لەگەڵ برایەكی دیكەی بە تاوانی ئەندامەتیی لە حێزبێكی كوردیی ئوپوزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا جەماڵ عەزیزی برای محەممەد عەزیزیش زستانی 1387 دەستبەسەر دەكرێت و دوای تێپەڕاندنی1 ساڵ زیندانی ئازاد دەكرێ.

محەممەد عەزیزی پێشتریش بە تاوانی ئەندامەتیی لە حێزبێكی كوردی دژبەری حكوومەتی تاران نزیك بە 12 ساڵ لەمەوبەر حوكمی ئیعدامی بۆ بڕابۆوە، بەڵام دواتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوكمەكەی دەكرێ‌ بە 15 ساڵ زیندانی و پاش تێپەڕاندنی 8 ساڵ لەو پازدە ساڵە، ئازاد دەكرێت.

ئەو هاووڵاتییە كوردە لە حاڵی حازردا لە زیندانیی ناوەندیی شاری سەقز سەرقاڵی تێپەڕاندنی باقی حوكمەكەیەتی.