هاووڵاتییەكی كورد لە بۆكان پاش دوو حەفتە گیران، چارەنووسی ناڕوونە

15:58 - 20 بەفرانبار 2711
كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی بەخشی سیمینە (قەرەمووسالی)ی سەر بە شاری بۆكان كە دوو حەفتە لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە بۆكان، زاهید رۆستەم پوور، تەمەن 27 ساڵ خەڵكی بەخشی قەرەمووسالی كە دوو حەفتە لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردیی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەت دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگە كراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بنەماڵەی زاهید هەتا ئێستا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان كردووە و پەیجۆری چارەنووسی كوڕەكەیان بوون، بەڵام هیچ هەواڵ و زاینارییەكیان پێ‌ نەداون.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كە زاهید رۆستەم پوور یەك مانگ لەمەوپێش بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەت دەستبەسەر كراوە كە دواتر بە دانانی وەسیقەی 20 میلیۆن تەمەن ئازاد كرابوو.

بەپێی زانیارییەكانی ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 16 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون، لەوانەیە ئاماری راستەقینەش لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

تاوانی زۆربەی ئەو هاووڵاتییە كوردە دەستبەسەر كراوانە چالاكیی سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی راگەیەنراوە.