هاووڵاتییەكی خەڵكی بانە بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان بە توندی بریندار بوو

14:25 - 25 جۆزەردان 2712
كوردپا: هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی \"سارداو\"ی سەر بە شاری بانە لە دوو كیلۆمیتریی سنووری ئەو شارە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەر تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەكان و بە توندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاتژمێر 12ی نێوەڕۆی رۆی چوارشەممە رێكەوتی 24ی جۆزەردان هاووڵاتییەك بەناوی عەباس رەشیدی كوڕی رەشید و خەڵكی گوندی \"سارداو\"ی سەر بەخشی \"نمەشیر\"ی شاری بانە لە شوێنێك بەناوی \"كانی‌زەرد\" لە نزیك 2 كیلۆمیتریی سنوور كەوتۆتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكان و گوللەیەك بەر سەری كەوتووە و بە توندی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە بریندارە رەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری بانە كراوە و ئێستا لە حاڵەتی بێهۆشیدا لەژێر چاوەدێریی پزیشكی دایە.

كەسانی ئاگاردار لەو رووداوە بە هەواڵنێری كوردپایان راگەیاندووە كە عەباس رەشیدی لەسەر سنوور نەبووە و هیچ بار و كەلوپەلێكی پێ‌ نەبووە، بەڵام دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بریندار كراوە.

ماوەی نزیك بە 2 مانگ دەبێت بنكە و پایگا نیزامییەكانی سەرسنوور بە خەڵكیان راگەیاندبوو كە بۆیان نیە نزیك سنوور ببنەوە و لە ئەگەری ئەو كارەدا دەستڕێژیان لێدەكرێت و ئەوان لە بەرامبەر كوژرانیاندا بەرپرسیار نین.

هەر لەو پێوەندییەدا بنكەكانی هێزی ئینتزامی بە زۆر نامەیەكیان بە كۆڵبەرانی سەرسنوور واژۆ دەكرد كە لە ئەگەری دەستڕێژ و كوژرانیاندا هێزی ئینتزامی بەرپرسیار نیە.

دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران بەهۆی نەبوونی كار و دەستەنگی بە ناچاری پیشەی پڕ مەترسیی كۆڵبەری و كاسبیی سەرسنوور هەڵدەبژێرن كە زۆر جار بەنرخی لەدەست دانی گیانیان كۆتایی پێدێت.

كۆڵبەرانی كورد بە بەردەوامی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێ‌ دەكرێ‌ و زۆر جار لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژی كردنەدا گیانیان لێ‌ دەستێنرێ‌.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەرەتای ساڵی 1391‌وە هەتا ئێستا ١٠ كۆڵبەری كورد بوونەتە قوربانی.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژیە ٤ كۆڵبەری كورد بەهۆی سەرما و تەقینەوەی مین مردوون و ٦ كۆڵبەری دیكەش بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنوورەكانی كوردستان گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە و ٦ی دیكەش بریندار كراون.

ئەو رێژەیە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.