هاووڵاتییەکی ئەهوازی بە تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان کوژرا

15:40 - 26 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە پارێزگای ئەهواز، لە بۆسەیەکدا سێ هاووڵاتیی عەرەبیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا یەکێکیان دەکوژرێت و دوو کەسەکەی دیکەش بریندار دەبن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی خاکەلێوە، دوای ڕاوەدوونانیان، سێ هاووڵاتیی عەرەب لە پارێزگای ئەهەواز، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە گەمارۆ دەدەرێن و تەقە لە ماشینەکەیان دەکرێت کە لە ئەنجامدا، یەکێکیان دەست بەجێ گیانی لە دەست دەدات.

بۆسە نانەوەی هێزە ئەمنیەتییەکان لە ڕێگای نێوان ئەهواز-خەفاجیە ڕووی‏داوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە بە \"فەیسەڵ عەبیداوای\"، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی \"کوی سادات اهواز\" ڕاگەیەنراوە.

دوو هاووڵاتییەکەی دیکە، بە ناوەکانی \"سەعید سواری\"، خەڵکی \"کوی عەلەوی\" لە لای کڵۆکیەوە و \"خەلیل عەبیداوای\"یش کە ئامۆزای فەیسەڵە، لە \"گەڕەکی ئەهواز\" لاقی بریندارکراوە.

ماڵپەڕی کەمپەینی داکۆکی لە مافی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، فەیسەڵ عەبیداوای چەند ڕۆژپێش لەو ڕووداوە، ژیانی هاوبەشی پێک‏هێنابوو.

دوای ئەو ڕووداوە، بنەماڵەی قوربانییەکان بێ‏ئاگایی خۆیان لە مەڕ هۆکاری تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان دەربڕیوە و هەروەها هەواڵدەرییە ناوچەیی و فەرمییەکانی حکوومەت، سەبارەت بە هۆکاری ئەو ڕووداوە و هۆی بۆسەنانەوەکەیان، هیچ هەواڵێکیان بڵاو نەکردوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەپێی ئاماری چالاکانی کەمپەینی بەلووچ، لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی‏دا، ٤٣ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەکان لە بەلووچستان کوژراون.