هاووڵاتییەکی کورد چوار ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپا

10:22 - 14 رێبەندان 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد محەممەدی"، تەمەن ٥۱ ساڵ و کوڕی ساڵح، لەلایەن لقی ۱ی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد مستەفایی"، ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "سیخوڕی و پڕۆپاگەندە لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمە ۲٤ی بەفرانبار، بە ناوبراو ڕاگەیندراوە.

دادگای ئینقلابی سەقز، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە پشتبەستن بە مادەی ٥۰٥ی کتێبی پێنجەمی تەعزیرات و سزا پێشگیرانەکانی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٧٥، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد کە بە لەبەرچاوگرتنی بوونی لایەنەکانی داشکاندنی سزا کە لە مادەی ٣٨ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢ هاتووە، وەکوو نەبوونی پێشینەی کەیفەریی تۆمەتبار و بارودۆخی تەمەنی ناوبراو بە پشتبەستن بە مادەی ئاماژەپێکراو (مادەی ٣٨) و هەروەها مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری پەسەندکراوی ١٣٩٩ چاوەدێر بەسەر مادەی ٣٧ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢، سزای ئەحمەد محەممەدی بۆ ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، کەم کرایەوە.

سەپاندنی ئەو حوکمە بەسەر ئەو هاووڵاتییە بە ئامادەبوونی ناوبراو لە دادگا بووە و ئەو حوکمە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ڕاگەیندراوەکەی ، جێگای پێداچوونەوەی لە دادگاکانی پێداچوونەوەی سنەی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، ئەو هاووڵاتییە پاش بانگهێشتکردنی، لە دادگای ئینقلابی سەقز تۆمەتەکەی پێ‌ڕاگەیندراوە و بە سەپاندنی حوکمی دەسبەسەرکردنی کاتی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە و دواتر ڕەوانەی زیندانی سەقز کراوە.

ئەحمەد محەممەدی خەڵکی گوندی "وزمانـ"ـی سەقزە و هەتا ئێستا لە زیندانی ئەو شارەدایە.