هاووڵاتییەکی کورد پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

12:29 - 3 رەزبەر 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەرکان عەلیزادە" تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری ورمێ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ١ی خەرمانان، بە تۆمەتی بانگەشە بۆ گرووپە سەلەفییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا و پاش ٢٢ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئەو لاوە ماوەی ٨ ڕۆژ لە بەندی تەلاش ناسراو بە دابڕگە بووە و دوو ڕۆژ پێش بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانە ڕاگوێزراوە".

لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بۆ ئازاد کردنی کاتیی ئەو لاوە داوای بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەن پارەی کردووە و بە وتەی سەرچاوەی باوەڕ پێکراوی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی ئەو لاوە، دژایەتی کردووە.