هاووڵاتییەکی کورد پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەسبەسەر کرا

10:30 - 13 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرمان حەیدەرنژاد"  کوڕی "عەلی"، تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "دێوەزناو"ی سەوڵاوا، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا کراوە و پاش سەردانی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە، دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

"فەرمان حەیدەرنژاد" برای "نەسروڵڵا حەیدەرنژاد"ە کە ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە.

لەو پەیوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سامان ئەسەد حەکیم و محەممەد شەفیع‌ زادە" خەڵکی گوندی "دێوەزناو" سەر بە سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.