هاووڵاتییەکی کورد مەترسی دیپۆرت کردنەوەی هەیە

22:18 - 12 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسی خەڵکی شاری شنۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە وڵاتی یونان مەترسی دیپۆرت کردنی لە لایەن ئەو وڵاتە لە سەرە بۆ ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسی کورد بە ناوی\"سەلاح ڕەسووڵی خالیدئابادی\" کوڕی ئیبراهیم ئاغا خەڵکی شاری شنۆ، ئەگەری ڕادەست کردنی لە وڵاتی یونان بۆ ئێران لە سەرە.

ئەو چالاکە سیاسیە ساڵی ڕابردوو بە هۆی چالاکی سیاسی و زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زێدی خۆی بە جیهێشت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە چەند جارێک لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوە لەگەڵ کرابوو، بەو هۆیەوە بە ناچاری ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

ئەو چالاکە سیاسیە بە تۆمەتی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زێدی خۆی بە جێهێشتوە و ئێستا مەترسی دیپۆرتی لە وڵاتی یونانی لە سەرە.

ساڵانە چەندین هاووڵاتیی کورد بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران زێدی خۆیان بە جی دێڵن.