هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی نەغەدەوە دەستبەسەر کرا

15:34 - 19 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران، هاووڵاتییەکی نەغەدەیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدە هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی \'\'ئەمیر پیرۆتی\'\' دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزێسیۆنی ئێران\"، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکە وتیشی؛ سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی پیرۆتی، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانی رۆژی رابردوو، هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و بەرنامەبۆدارێژراو دەستیان کرد بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو شارە.

هەتا ئێستا ناوی چەندین ناڕازیی دەسبەسەرکراوی شاری مەهاباد بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە کەلە هەواڵەکانی دیکەی ئەم رووماڵەدا بڵاو دەکرێنەوە.

ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان، لە ماڵی خۆیاندا بە هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان و بەبێ حوکمی قەزایی دەسبەسەر کراون.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی مەهابادی لە پیش هۆتێل تارا کە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی رێکخرابوو، بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئینتزامییەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە.