هاووڵاتییەکی کورد لە ئیلام بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا

12:47 - 22 سەرماوەز 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مێحراب بەختی" کوڕی "ئەیووب" و خەڵکی ئیلام، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ئەم هاووڵاتییە ٢٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتەکانی "بێڕێزیکردن بە ڕێبەری نیزام و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام بە ڕێز، ١٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و ساڵێک زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.

پاش ناڕەزایەتیی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە حوکمی سەپێندراوی دادگای سەرەتایی، ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، لقی پێنجی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، حوکمی ١٦ مانگ زیندانیی تەعزیریی ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە ڕێبەری نیزام" بە هەمان شێوە پشتڕاست کردەوە و حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعزیریی ناوبراوی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە پشتبەستن بە مادەی ١٢ی یاسای "کەمکردنەوە زیندانیی تەعزیری" بە ٧ مانگ زیندان کەم کردەوە.

ئەم هاووڵاتییە پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا.

"مێحراب بەختی" ساڵی ٩٧ـیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ١٤ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئیلام بە پشتبەستن بە مادەی ٦٠٩ی یاسای سزای ئیسلامی و پەسەندکراوی ١٣٩٢، ٧٤ زەربە قامچیی تەعزیریی بەسەردا سەپا.