هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو

10:00 - 13 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ۱۲ی ڕەشەمە، وەرزێڕێک بە ناوی "ستار ئەزهەری"، خەڵکی گوندی "لک‌بن" سەر بە پیرانشار، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی زەوی‌کێڵان تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو هاووڵاتییه بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار کراوە".

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، فەرمانداری شاری قەسرشیرین ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە کۆچەرییەکانی  ناوچەی "سومار"، بەهۆی تەقینەوەی یەک تیر مینی بەجێماو لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا، دەستی بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات تووشی ئەو ڕووداوە بووە.  

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە شاری قەسرشیرین، بوو بەهۆی ئەوەیکه منداڵێکی تەمەن ۷ ساڵ دەست و لاقی بریندار بێت.

هەروەها ڕۆژی شەممە ۲٥ی ڕێبەندان، منداڵێک بەهۆی تەقینەوەی مین لە بەخشی دەشتی عەباس سەر بە شاری دێهلۆڕان، دەستێکی لەدەست دا.