هاووڵاتییەکی کورد لە هەورامانی تەخت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

10:54 - 28 خەزەڵوەر 2720

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەعدی ڕۆستەم‌زادە" کوڕی ساحێب خەڵکی شاری هەورامانی تەخت، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە هەورامانی تەخت، لە کاتی ڕاودوونانی کاسبکاران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، لە بەرانبەر دووکانەکەی خۆی، بەهۆی تەقە بەربڵاوەکانی هێزە نیزامییەکان، گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "سەعدی ڕۆستەم‌زادە هیچ جۆرە پێوەندییەکی بە کاسبکارانەوە نەبووە و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست داوە".

ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی قورسی برینەکانییەوە لە کاتی ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری مەریوان، گیانی لەدەست دەدات.