هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

16:30 - 13 سەرماوەز 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەلی قەڵوەزی" خەڵکی شاری سنە، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

زاگرۆس قەڵوەزی کوڕی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەز، باوکم وەلی قەڵوەزی لە کاتێکدا لە شەقامی شوێنی کارەکەی لە شاری سنە، لەگەڵ گرووپێک لە مەئموورانی ئەمنییەتیی بەرەڕوو دەبێتەوە  کە لە حاڵی شکاندنی دەرگای ماڵەکەی دان. مەئموورانی ئەمنییەتیی بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەک باوکمیان دەسبەسەر کردووە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕاگوازتبوو".

ئەو هاووڵاتییە نەخۆشیی تەنگە نەفەسیی هەیە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

وەلی قەڵوەزی تەنیا ژیان بە سەر دەبات و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە دەرەوەی ئێران، نیشتەجێن.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا، نییە.