هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

14:09 - 20 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مادیح فەتحی" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شارەکی "بەهاران" و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی چوونە ناو ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەوڵی شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵی "مادیح فەتحیـ"ـان داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستە ڕوو، لە کاتی دەسبەسەرکردنی مادیح، خێزانی ناوبراو دوو گیان بووە و ئەمەش  بووەتەوە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و ڕووحیی هاوژینی ناوبراو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەشەمە ٩٨، "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی "سەعیدی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم  کرابوو کە ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بۆ ٢٠ مانگ کەم کرایەوە.

"سەحەر کازمی"، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٩٧،  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا، هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، "مادێح فەتحی" هاوژینی "سەحەر کازمی"، چالاکی مەدەنی و دایکی ئەو چالاکە مەدەنییە بە ناوی "مەهوەش ئەمیری"، پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرابوون.