هاووڵاتییەکی کورد، لە شاری زەنجان ئێعدام کرا

15:24 - 24 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری زەنجان حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لە زیندانیی ناوەندی ئەو شارە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، ١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت لە زیندانی ناوەندی شاری زەنجان لە سێدراە درا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە \"حەمزە ڕەحیم پوور\" خەڵکی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ راگەیەندراوە.

دەزگای قەزایی، ئەو هاووڵاتییە کوردەی لە ساڵی ٩٣ی هەتاویەوە بە تۆمەتی بەرهەمهێنانی ٦ کیلۆ شیشە دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کردبوو.

پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەبارەت بە ئێعدام کردنی هاووڵاتییان ئێرانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووتەوە، دادگاکانی ئینقلاب لە ئێران حوکمی ئێعدامی بۆ ٥٣٠ هاووڵاتیی ئێرانی بڕیوەتەوە و ئەو حوکمەش جێبەجێ کراوە.

بەپێی لێداوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش، زۆربەی ئێعدام کراوەکان کەسانێک بوون کە بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددە سڕکەرەکان ئێعدام کراون.