هاووڵاتییەکی کورد لە سەقز دەسبەسەر کرا

22:06 - 3 رێبەندان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە"، خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سووکایەتیکردنی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، لە مەیدانی "هەڵۆ"ی سەقز بە جلوبەرگی کوردی ئامادە بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە سەقزییە زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی بانەمەڕی ۹۷، لە لقی ۱ی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام"، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی"، بێتاوان ناسرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە حوکمە داسەپاوەکەی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرا و پشتڕاست کرابووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی بەفرانباری ۹۷، عەتا ڕەحمانزادە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٤ی ڕەزبەری ۹٦، پاش بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرابوو.

ناوبراو پاش یەک مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ۷۰ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سەقز بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.