هاووڵاتییەکی کورد لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:36 - 11 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میلاد وەیسی" کوڕی "کەریم" و خەڵکی سنە، لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر و لە کاتی دەسبەسەریدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی "وەیسی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

ناوبراو ساڵی ٩٨ بۆ ماوەی ٥ مانگ دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.