هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی قەزوێن لەسێدارە درا

14:53 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانەوە لە زیندانی ناوەندیی قەزوێن جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلائەدین عەزیزی، تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی قادر، کە خەڵکی نیوشاری ورمێ بوو، لە زیندانی ناوەندیی قەزوێن لە سێدارە درا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، پاش ئەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە، سەرئەنجام رۆژی پێنج‌شەممە، رێکەوتی ١١ی بەفرانبار حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەڕێوەچووە.

\"23999.jpg\"
هەواڵدەریی مێهر لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٨ ساڵەیە، بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، هاورێ لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خۆی دەستبەسەر کرابوو.

ئەو سەرچاوە حکوومەتییە نووسیوویەتی، کچی عەلائەدین عەزیزی کە هاوڕێ لەگەڵ باوک و دایکی دەستەبسەر کرابوو، بێ تاوان ناسراوەو هاوسەری عەلائەدینیش ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕاوەتەوە.

هەواڵدەریی مێهر نووسیویەتی؛ دەزگای قەزایی بە لەبەر چاوگرتنی ئەوی کە هاوسەری عەلائەدین عەزیزی کە دایکی چەندین منداڵی ورد و یەکێکیشیان نوقسان بووە، حوکمی ١٥ ساڵی بۆ بڕیوەتەوە.