هاووڵاتییەکی کورد لە ترسی دەسبەسەرکرانی خۆی حەشار داوە
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەیوان ئیبراهیمی" کوڕی "عەبدوڵڵا"، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "دزڵیـ"ـی سەر بە شاری مەریوان، لە ترسی دووبارە دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوانەوە، خۆی حەشار داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران،چەندین جار لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بەو هاووڵاتییە کوردەوە کردووە کە سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکات، بەڵام ناوبراو خۆی بەو ناوەندە نەناساندووە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی، "سەیوان ئیبراهیمی بەهۆی کاری فەرهەنگییەوە چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران و بنکەی بەسیجی دزڵییەوە گوشاری خراوەتە سەر و داوای لێکراوە کە دەست لە چالاکییە فەرهەنگی و ژینگەپارێزییەکانی هەڵبگرێت".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو: "ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی ١٠ ڕۆژێکە بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی ناوەندەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و بەسیجی گوندی دزڵی و لە ترسی هەڕەشەی دووبارە دەسبەسەرکرانی، خۆی حەشار داوە و تەنانەت بنەماڵەی نازانن لە کوێیە و هیچ ئاگادارییەکیان لەسەر چارەنووسی سەیوان نییە".
پێشتریش ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ٩١، مەئموورانی بەسیجی گوندی دزڵی هێرشیان کردووەتە سەر نانەواخانەی گوندی دزڵی و نابراویان دەسبەسەر کردووە.
هەروەها مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢، ئەو چالاکە فەرهەنگییە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لەمەڕ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، هەڕەشەی زیندانیکرانی لێ کرابوو.