هاووڵاتییەکی کورد لە بۆکان دەسبەسەر کرا

11:58 - 5 رێبەندان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەحیەدین شامە"، خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مەحیەدین شامە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان، خۆ دەبوێرن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: " ناڕوونیی چارەنووسی مەحیەدین شامە، نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژی ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.