هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی بۆکان پاش دەسبەسەرکردنی چارەنووسی ناڕوونە

11:03 - 24 رێبەندان 2720

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی زولفی"، کوڕی حەمزە و دانیشتووی شارەکی فەرهەنگییانی بۆکان، پاش دەسبەسەرکرانی، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ و بۆکانیان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەم بارەیەوە، خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی، لە پەیوەندیی تەلەفوونی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراوە.

شەوی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، لە ڕەوتی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، عەلی زولفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی "عەلی زولفی"، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە.