هاووڵاتییەکی کورد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

13:31 - 26 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مێهران سلێمان‌پوور"، خەڵکی گوندی "ئاڵیان" سەر بە ناوچەی "دەشتەبێڵـ"ـی شنۆ، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

مێهران سلێمان‌پوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئاڵیان" و بەبێ بەڵگەی یاسایی مێهران سلێمان‌پووریان وێڕای هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "هاشم خوران" دەسبەسەر و ناوبراوانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستیان بە پشکنینی ماڵەکانیان کردبوو و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراوانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.