هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژرا

22:13 - 19 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیران هاووڵاتییەکی کوردی شاری \"سێرۆ\"، سەر بە بەخشی سۆماتی برادۆست، کە باوکی سێ منداڵ بووە دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"گەرمان مەحموودپور\"، تەمەن ٤٦ ساڵ و کوڕی \"عەلی\"، بە هۆی تەقەت ڕاستەوخۆی مەئمورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری سێرۆ سەر بە پاریزگای ورمێ گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی ئەوەیکە گولـلە بەر سەری کەوتووە گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند؛ ئەو ڕووداوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٤ ڕوویداوە و تەرمی ناوبراو تا ئێستاش لە ساردخانەی نەخۆشخانەی \"ئیمام\" ڕاگیراوە.

ئەو ڕاپۆرتە لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات، گەرمان مەحموودپوور خەڵکی گوندی \"مافەران\" بووە و هێزە نیزامییەکانی ناوچەکە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک ناوبراویان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.

خزم و کەسی گەرمان لە پێوەندییەکی تەلەفوونی‏دا بە هەواڵنێری کوردپایان ڕاگەیاند؛ \"بەبێ‏ئەوەیکە گەرمان خەتایەک یا تاوانێکی ئەنجام دابێت، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ناوبراو کردووە\".

گەرمان بە ئیشی وەرزێرییەوە سەرقاڵ بووە و ژنێک و سێ منداڵیشی هەبووە.

هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و ئەو هێزانەش بە ئەنقەست تەقە لە خەڵک دەکەن.