هاووڵاتییەکی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

16:29 - 9 رەشەمه 2720

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور"، کوڕی عومەر و خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی پیرانشار، پێنج مانگ زیندانیی تەعزیریی بە سەردا سەپابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، پاش یەک حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی لە زیندانی نەغەدە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.