هاووڵاتییەکی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا

10:38 - 6 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەسەن (ڕەحمان) بەراتی"، کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی گوندی "باوان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کراوە.

ئەو زیندانییە، ئێستا لە بەندی دابڕگەی زیندانی ورمێدایە.

١٥ی گەلاوێژی ٩٨، ئەو هاووڵاتییە، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزا نەجەفزادە" دادگایی کرا و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرابوو.

حەسەن بەراتی ١٠ی پووشپەڕی ٩٨، لە کاتی کاری وەرزێڕیدا لە گوندی "باوان"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ١٧ ڕۆژ دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندی ٤ــ٣ی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا و پاش ٢٣ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.